جەنگی ژاپۆن و چین (١٩٣٧ - ١٩٤٥)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-16-05:49:00 - کۆدی بابەت: 4547
جەنگی ژاپۆن و چین (١٩٣٧ - ١٩٤٥)

ناوه‌ڕۆك

جەنگ

جەنگی ژاپۆن و چین جەنگێكی خوێناوی داگیركاری بوو لە 7/7/1937 دەستی پێكرد و لە ئەیلولی 1945 كۆتایی پێهات، هۆكارەكەشی (ڕووداوی پردی ماركۆ پۆلۆ) بوو، هەندێكیش دەیگەڕێننەوە بۆ داگیركردنی مەنچۆریا لەلایەن ژاپۆنەوە لە ساڵی 1931، لە چین بە جەنگەكە دەوترێت جەنگی بەرگری دژی ژاپۆن.

سووپای چین بە یارمەتی یەكێتی سۆڤیەت و ئەمریكا شەڕی دەكرد، دوای هێرشی ژاپۆنیش بۆ سەر بەندەری پێرل هاربەر لە 1941 جەنگەكە تێكەڵ بوو لەگەڵ جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەم جەنگەش گەورەترین جەنگی ئاسیایی سەدەی بیستەمە، زۆرترین كوژراوان مەدەنی بوون كە لە نێوان 10 بۆ 25 ملیۆن چینی لەم جەنگەدا لەناوچوون، لەگەڵ 4 ملیۆن سەربازی چینی و ژاپۆنی.

جەنگەكە لە ئەنجامی سیاسەتی دەرەبەگایەتی ژاپۆنییەوە بوو كە چەندین سەدە بوو بەردەوام بوو، هەروەها بۆ بەدەستخستنی كەرەستەی خاو و خۆراكی پێویست بۆ وڵات كە چین پێی دەوڵەمەند بوو، دوای جەنگی یەكەمی جیهانی كاربەدەستانی ژاپۆنی چاویان لە وڵاتانی دراوسێیان بوو بۆ پڕكردنەوەی نەبوونییەكانی سەردەمی جەنگ و بەمەش دەستیان كرد بە داگیركاری و جەنگیش چینیش یەكێك بوو لەوان.

زۆری بەرهەمهێنانیش لەلایەن چینەوە بووە هۆی كەمهێنانی هاوردەكردن لە وڵاتی ژاپۆنەوە، بەمەش ئابووری ژاپۆن بەرەو لاوازی ڕۆشت و وایكرد هێزێكی سەربازی فاشی بێتە سەر حوكم، ئەم هێزەش لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئەوكات (هێدیكی تۆجۆ)ـوە سەركردایەتی دەكرا كە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ئەوكات (هیرۆهیتۆ) دابوو، و لە ساڵی 1931 بە بیانووی ڕووداوی مۆكدین، ژاپۆن هێرشی كردە سەر مەنچۆریا.

چینییەكان دۆڕان و ژاپۆنیش دەوڵەتێكی لە مەنچۆریا بەناوی (مانشۆكۆ) دامەزراند، لەدوای ئەم ڕووداوەشەوە چەندین جار گرژی كەوتە نێوان ژاپۆن و چینیەكان لە نێوان 1931 بۆ 1937 و بەم گرژییانەش دەوترا (ڕووداوەكان).

دوای ڕووداوی ماركۆ پۆلۆ ژاپۆنییەكان سەركەوتنی گەورەیان تۆماركرد، لە 1937 پەكین و شەنگەهایان داگیركرد، دواتریش پایتەختی چین نانجینگیان داگیركرد و جینۆسایدی چینییەكان دروستبوو.

دوای شكستهێنان لە ڕاوەستاندنی ژاپۆنییەكان لە ووهان، حكومەتی چین گواسترایەوە بۆ چونگچینگ لە ناو چین، و لەگەڵ هاتنی 1939 و دوای سەركەوتنی چین لە چانگشا و جوانگشی و گەیشتنی ژاپۆنییەكان بە ناوەڕاستی چین، جەنگەكە گەیشت بە بنبەست، ژاپۆنییەكان سووپای تەواویان نەبوو بۆ بەڕێوبردنی ناوچە داگیركراوەكان، چونكە ڕووبەرێكی زۆر گەورەبوو، حیزبی میلـلی چینی لە زستانی 1939 هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر ژاپۆنییەكان، دواتریش هێزە شیوعییەكانی چین لە هاوینی 1940 زیانێكی زۆری پێگەیاندن.

لە 7/12/1941، ژاپۆنییەكان هێرشیان كردە سەر بەندەری پێرل هاربەر، لە ڕۆژی داهاتوودا ئەمریكا جەنگی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند، بەمەش ئەمریكا هاوكاری گەیاندە هێزە چینییەكان دژی ژاپۆن، هەرچەندە لە ساڵی 1944 ژاپۆن هێرشی (ئیتشی گۆ)ـی كرد بۆ گرتنی هونان و چانگشا، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی وەستانی چینییەكان، لە 1945 چینییەكان لە بۆرما پێشكەوتن و ڕێگای نێوان هیندستان و چینییان كردەوە، دواتریش بە هێرشی بەردەوام، چین توانی هونان و جوانگشی بگرێتەوە.

لە 2/9/1945 سووپای ژاپۆن خۆی بەدەستەوەدا بەهۆی خستنە خوارەوەی دوو بۆمبی ئەتۆمی بۆ سەر شارەكانی هێرۆشیما و ناكازاكی، لە ڕۆژی حەوتی مانگیش ئەو هێزانەی مابوونەوە خۆیان بەدەستەوەدا، هەموو ئەو خاكانەی داگیری كردبوون لە چین لێی سەندرایەوە و گەڕێندرایەوە، كە مەنچۆریا و تایوان و بسكادۆرز بوون، هەروەها لە دوورگەی كۆریا وەدەرنرا، چینیش وەك چوارەم گەورەی هاوپەیمانان دانرا، بەمەش بووە پێنجەم وڵات لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان.

بنکەی ٧٣١ و شیرۆ ئیشی

شیرۆ ئیشی زانایەکی زیندەزانی و پزیشكێكی ژاپۆنی بوو، لە ساڵی ١٩٢١ لە سووپای ژاپۆن بە پلەی جێدار(مولازم)ـی نەشتەرکار کاردەکات، ئیشی بەهۆی لێهاتوویی و حەزەکانییەوە نزیک دەبێتەوە لە سەرانی سووپا، دواتر لە چوار ساڵی داهاتوو دەکرێت بە کاپتنی پزیشکی لە سووپا، ئیشی لەو ماوەیە دەست دەکات بە کارکردن و لێکۆڵینەوە لەو چەکە زیندەییانەی لە جەنگی جیهانی یەکەم بەکارهێنراون و دەبێتە خولیای.

‌بەهۆی ئەم کارانەیەوە سووپا بڕیار دەدات شوێنێک دابین بکات بۆ ئەوەی ژاپۆن پەرە بدات بە دروستکردنی چەکی زیندەیی و کیمایی، دواتر ئیشی بەهۆی کارەکانییەوە لە سەروبەندی جەنگی چین ـدا پلەی بەرز دەکرێتەوە بۆ فەریق، ‌سووپای ژاپۆن لە ساڵی ١٩٣٥ لە باكووری چین بنکەیەکی دروستکرد بەناوی بنکەی ٧٣١ و ئیشی کرد بە سەرۆکی شوێنەکە.

کاری ئەم بنکەیە بەتەواوی نهێنی بوو، لە دەرەوە وەک بنکەیەکی سەربازی ئاسایی و زیندانێک بەرچاو دەکەوت کە بە تەلی کارەبایی دەورەدرابوو بەڵام لە ناوەوە پێکهاتبوو لە زیندانێکی گەورە، ژووری تاقیگە، ژووری سەربازان و فەرماندەکان، ژووری ئاژەڵان، مەیدانی تاقیکردنەوە.

‌لەم بنکەیەدا سووپای ژاپۆن خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە داگیری کردبوون بەتایبەتتر چین، دەیهێنان و تاقیکردنەوەی لەسەر دەکردن

‌تاقیکردنەوەکان

  • داماڵین و نەشتەرکاری لەسەر لاشەی مرۆڤ بە زیندوویی و بەبێ بێهۆشکردن، بۆ زانینی ئەوەی مرۆڤ تا چەند بەرگە دەگرێت بەبێ بێهۆشکردن زیانی بەربکەوێت، جیا لەوە بە چەقۆ و شمشێر پێستیان دادەماڵین، دەست و قاچەکانیان لێدەکردنەوە و هەر ئەندامێکی دیکەی جەستەیان.
  • هەڵدڕینی جەستەی ئافرەتی دووگیان بۆ بینینی منداڵەکەی لەهەر مانگێکی سکپڕی و لێکۆڵینەوە لەو نەخۆشییانەی کە دایکەکەیان تووش دەکرد بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەگوازرێتەوە یان نا.
  • تاقیکردنەوەی هەموو جۆرە چەکێکی زیندەیی وەک بەکتریا و ڤایرۆس، و هەموو چەکێکی کیمیایی واک خەردەل و گازی سوتێنەر و ڕێگری لە هەناسەدان و هەڵئاوسانی جەستە.
  • گەرمکردنی جەستەی مرۆڤ بۆ بەرزترین پلەی سیلیزی یان ساردکردنەوەی بۆ نزمترین پلە بۆ زانینی ئەوەی ئایا جەستەی مرۆڤ لە چ پلەیەکی سیلیزی زیانی تەواوی پێدەگات هەتا مردن.
  • هەڵواسینی زیندانییەکان بۆ زانینی ئەوەی تا چەند بە هەڵگەڕاوی بەرگەدەگرن، هەروەها پێنەدانی خواردن یان ئاو بۆ زانینی ئەوەی مرۆڤ تا کەی بەبێ خواردن و خواردنەوە دەژی.

بنكەكە لەدوای خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی ١٩٤٥ کرا بە (بەڕێوبەرایەتی کیباتای سیاسی و تاقیگەی بەرگەگرتن و خۆپارێزی لە دەرمان) و ئیشی وەك بەڕێوبەر مایەوە لە سووپا، و دواتریش خەڵاتی ڕێزلێنانی پێدرا، و لە ساڵی ١٩٥٩ بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەستدا.


سەرچاوەکان



1408 بینین